یەکەم: تاقمێکیان لە ڕەمەزاندا ڕوو لە خواپەرەستی و عیبادەت دەکەن و لەپاش ڕەمەزان ڕووی لێ وەردەگێڕن، دەبینی کە تەنیا لەو مانگەدا مزگەوتەکان ئاوەدانن، خەمێنەرتر ئەوەکە لە سەرەتای مانگی ڕەمەزان و بەتایبەتی لە کاتی بەربانگدا مزگەوتەکان زۆر قەرەپەستانن، بەڵام وردەوردە حەشیمەت کەم و کەمتر دەبێته‌وه و لە کۆتاییدا مزگەوتەکان وەکوو مانگەکانی تری ساڵیان لێ دێت. ئەو بابەتە جێی مەترسییە و بەڵایەکی بەرچاوه، وێدەچێ ئەم کۆمەڵە تەنیا لەڕەمەزاندا خوا بناسن. (پەنا بە خوا)

پێویستە کە ئامۆژیار و پێشنوێژی مزگەوتەکان لەو دەرفەتە (کە خەڵک دەچنە مزگەوت) کەڵک وەربگرن و لە  مەترسییەکانی ئەو بابەتە و سامناکی بایەخنەدان بە نوێژ ئاگاداریان بکەنەوە، پێغەمبەر (د.خ) لە بابەت نوێژدا فەرموویەتی: «العهد الذی بیننا وبینهم الصلاة، فمن ترکها فقد کفر» (أحمد، ترمذی، نسائی و ابن ماجه)

 دووەم: تاقمێکیان لە خواردن و خواردنەوە و نزیکی و پووچەڵکەرەوەکانی تری ڕۆژوو خۆ دەپارێزن بەڵام لە غەیبەت، دووزمانی، شایەتی درۆیین، درۆ، جنێو و قەدەکراوەکانی تری زمانی و کرداری خۆبوێری ناکەن، بێگومان ئەوەش هۆکارەکەی تێنەگەیشتن لە چەمکی ڕۆژوویە، چونکە ڕۆژوو پەروەردەی ڕۆژوەوانە و پێچەوانەی ڕێوشوێنی ئاسایییە کە خوا مرۆڤ پەروەردە بکات و لە ڕێگاپێدراوەکان بیگێڕێتەوە، بەڵام مرۆڤ لە قەدەغەکراوەکانیش خۆ نەپارێزێت، پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی:«من لم یدع قول الزور والعمل به فلیس لله حاجة فی أن یدع طعامه وشرابه». (بخاری) 

ئەو کەسەی کە واز لە درۆ و کرداری درۆیین ناهێنێت، خوا پێویستی بە تەرککردنی خواردن و خواردنەوەی ئەوی نییە.

بەشێک لە زانایان وەک "ابن حزم" بۆچوونیان وایە کە ئەگەر کەسێک تووشی ئەو قەدەغەکراوانە بێت، ڕۆژووەکەی بەتاڵ دەبێت و بەڵگەش بەو فەرموودەیەی کە عوبەید لە پێغەمبەری خوا (د.خ) دەیگێڕێتەوە، دێننەوە: دوو ئافرەت بەڕۆژوو بوون، پیاوێک وتی: ئەی پێغەمبەری خوا دوو ژن بەڕۆژوون و لەبەر تینوێتی نزیکە لەناو بچن، (واتە ئیزنی بۆ شکاندنی ڕۆژووی ئەو دوو ئافرەتانە وەردەگرت.) خۆشەویست (د.خ) وەڵامی نەداوە، قسەکەی دووپات کردەوە و وتی: ئەی پێغەمبەری خوا بەڕاستی لە حاڵی مردندان، فەرمووی: بانگیان بکە، دوو ئافرەتەکان هاتنە خزمەتی و پێغەمبەر (د.خ) قاپێکی هێنا و بە یەکێکیانی فەرموو: لەو قاپەدا بڕشێوە، ئافرەتەکە ڕشاوە و خوێن و خوڕ و تیکەی گۆشتی هێناوە تا قاپەکە نیوەی پڕ بوو، پاشان هەر ئەو فەرمانەی بە ئافرەتەکەی تر کرد و ئەویش هەر ئەو شتانەی هێنانه‌وە تاکوو قاپەکە پڕ بوو، ئینجا خۆشەویست (د.خ) فەرمووی: ئەو دوو ئافرەتانە لەو شتانەی کە حەڵاڵ بوو بەڕۆژوو بوون و لەوەیکە خوا حەرامی کردووە بەڕۆژوو نەبوون، یەکێکیان لەگەڵ ئەوی تر دانیشت و گۆشتی خەڵکیان خوارد. 

ئەگەرچی ئەم فەرموودەیه بێ هێزە و ڕاست ئەوەیە کە ڕۆژوو بە غەیبەت و دووزمانی ناشکێت بەڵام ڕۆژوەوان تووشی تاوانێکی گەورە دەبێت و پێچەوانەی مه‌به‌ستی ڕۆژوو هەڵسوکەوت دەکات.

سێیەم: بەشێک لەو کەسانەی کە باس لە نرخ و گرینگی ڕۆژوو دەکەن، بەردەوام لەسەر قازانجەکانی دونیاییی ڕۆژوو وەکوو: کاریگەری لەسەر لەشساغی و تەندروستیی مرۆڤ چڕ دەبنەوە و لە باسکردن و شیکردنەوەی لایەنی ئاخیرەتی خافڵن یاخود کەمتەرخەمی دەکەن. ڕۆژوو بریتییە لە  خواپەرەستییەک کە بۆ گوێڕایەڵی لە خوای گەورە بەجێ دەهێندرێت تەنانەت ئەگەر وادابنێین کە بۆ تەندروستیی ڕۆژوەوانان کاریگەری باشیشی نەبێت، لەبەر ئەوەیکە خوا فەرمانی پێ کردووە، لەسەرمانە بەجێی بهێنین. ئیماندار لە گۆڕەپانەکانی شەڕ دێتە ژوورەوە چونکە گوێڕایەڵی و ملکەچیکردنە بۆ فەرمانی خوا، کەوایە ئامانجی سەرەکیی ڕۆژوو وەدەستهێنانی تەندروستیی جەستەیی و گەیشتن بە قازانجە دەستەوخۆیەکان نییه، بەڵکوو بەندایەتی و گوێڕایەڵی خوایە و قازانجەکانی دونیایی بە پێڕەوی لەو وەدەست دەهێندرێن.

 

چوارەم: بەدڕەوشتی و ئاکارخراپی، هێندێک لە ڕۆژوەوانان بەدخوڵق خۆدەنوێنن، بەهۆی خۆپارێزی لە خواردن و خواردنەوە لەگەڵ بنەماڵە و منداڵەکانیان بەخراپی هەڵسوکەوت دەکەن و لەگەڵ خەڵکی تریش ئاگری شەڕ هەڵدایسێنن، قسەی ئازاردەر و تەوساوی بەکار دێنن و... ئەمە پێچەوانەی خۆش خوڵقییەکه کە پێغەمبەر (د.خ) ڕایسپاردووە، لە فەرموودەی سەحیحدا هاتووه کە: ڕۆژوو پارێزەرە، کەواتە هیچ کامتان لە کاتی بەڕۆژووییدا لەگەڵ هاوسەرەکانتان نزیکی مەکەن و بەدڕەوشتی مەکەن، ئەگەر کەسێکیش لەگەڵی بەشەڕ هات یان قسەی ناحەزی کرد با بڵێت ئەمن بەڕۆژووم.

بۆچی بەشێک لە ڕۆژوەوانان توانایی زاڵبوون بەسەر خۆیاندا لەدەست دەدەن و دڵی بنەماڵە و دراوسێ و دەورووبەرییەکانیان دێشێنن؟! لە حاڵێکدا لەو کاتانەدا کە بەڕۆژوو نین، گەلێک هەڵسوکەوت جوانن.

پێنجەم: بەشێک لە ڕۆژوەوانان ڕەمەزانیان کردۆتە دەرفەتێک بۆ تەمبەڵی و سستیکردن و خەوتن، ئەوە لە حاڵێکدایە کە موسوڵمانانی سەرەتای ئیسلام بەپێچەوانەی ئەوان دەجووڵانەوە و زۆرێک لە شەڕە بەناوبانگەکانی مێژووی ئیسلام لە ڕەمەزاندا ڕوویانداوه.

تاقمێکیان ڕەمەزان بە خەو و پشوودان تێدەپەڕێنن و پشت بە فەرموودەی {نوم الصائم عبادة} دەبەستن، بەڵام ئەو فەرموودیەی مەبەستی ئەوە نییە کە ڕۆژوەوان تەنیا بخەوێت، بەڵکوو ڕەمەزان دەرفەتە و دەبێ بۆ پاشەکەوتکردنی کردەوەی باش کەڵکی لێ وەربگیرێت. 

شەشەم: زێدەڕۆیی دە خواردن و خواردنەوەدا، زۆرێک لە خەڵکی بە خۆراک و خواردەمەنی ڕەنگاوڕەنگ بەپیر ڕەمەزانەوە دەچن، بێگومان ئەو بابەتە دژی حیکمەتی مەشرووعییەتی رۆژوویە، بە قەولی دوکتۆر قەرزاوی (دە کتێبی عیبادەت لە ئیسلامدا): خوای گەورە ڕۆژووی بۆ دڵ و ڕوح داناوە، کەچی تایبەتیان کردووە بە زگ. خوا بۆ لەسەرخۆیی دایناوه، بە ڕق و تووڕەیی ده‌یگۆڕنه‌وە. خوا بۆ هێمنی و مەندی دایناوە، کردوویانەتە مانگی شەڕ و دەمەقاڵە. خوا بۆی داناون تاکوو خسڵەتی ناپەسندیان بگۆڕن تەنیا کاتی جەمەنانەکانیان گۆڕیوە.خوا ڕەمەزانی داناوە بۆ خودپەروەری و هاودەردی دەوڵەمەندان لەگەڵ هەژار و نەدارەکان، کەچی هەڵەخەرجی و خۆنوێنی دەوڵمەند ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و بە هەمان ڕادە داخ و پەژارەی نەداریش زۆر دەبێت. خۆزگە موسوڵمانان هەروەک بەڕۆژوو دەبن، لەخواترسیشیان زیاد بێت، بەو جۆرەی کە قوڕئان فەرمانی پێ کردووه تاکوو لە حاڵێکدا ڕەمەزانەکەیان بە کۆتایی بگات، کە تاوانەکانیان بەخشراوه و بوونەتە خۆشەویستی خوا.